پەندەکانی سلێمان: کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی. | 1 |
بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن. | 2 |
یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن، بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە. | 3 |
دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری، بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە. | 4 |
ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە، بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە. | 5 |
بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە. | 6 |
یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە، بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت. | 7 |
ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت، بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت. | 8 |
ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت. | 9 |
چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار، گێلی زۆربڵێش دەکەوێت. | 10 |
دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە. | 11 |
ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت. | 12 |
لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە، کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە. | 13 |
داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە، بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە. | 14 |
سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە. | 15 |
کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە، بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە. | 16 |
ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت. | 17 |
ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە. | 18 |
قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە. | 19 |
زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە، بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە. | 20 |
لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن، بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن. | 21 |
بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی. | 22 |
وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن، بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو. | 23 |
ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت، ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت. | 24 |
وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت. | 25 |
وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو، کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە. | 26 |
لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات، بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت. | 27 |
هیوای ڕاستودروستان خۆشییە، بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت. | 28 |
ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن، بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن. | 29 |
کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت، بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن. | 30 |
دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت، بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە. | 31 |
لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن، بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە. | 32 |