پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل، | 1 |
بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن، بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن، | 2 |
بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی، ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی، | 3 |
بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە، بە لاویش زانیاری و سەلیقە، | 4 |
(دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت، تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،) | 5 |
بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە، قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان. | 6 |
لەخواترسی سەرەتای زانیارییە، بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن. | 7 |
ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە، | 8 |
چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت، گەردانەن بۆ ملت. | 9 |
ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت، ڕازی مەبە. | 10 |
ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە، بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە، بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین، | 11 |
وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن. (Sheol h7585) | 12 |
هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت. | 13 |
پشکی خۆت هەڵبدە ناومان، بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.» | 14 |
ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ، پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان، | 15 |
چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن. | 16 |
بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک. | 17 |
بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە، خۆیان تەنها بۆ گیانی خۆیان ماتداوە. | 18 |
ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن، سەری خاوەنی دەخوات. | 19 |
دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات، لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە، | 20 |
لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات، لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات: | 21 |
«هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟ هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن، گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟ | 22 |
بگەڕێنەوە کاتێک سەرزەنشتتان دەکەم! ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم، وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم. | 23 |
بەڵام بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە، دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا، | 24 |
هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست، سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت، | 25 |
جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم. گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت، | 26 |
کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا. | 27 |
«ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە. | 28 |
لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە، لەخواترسییان هەڵنەبژارد، | 29 |
لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت، بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد، | 30 |
بۆیە لە بەرهەمی ڕێگای خۆیان دەخۆن، لە بەری پیلانەکانیان تێر دەبن، | 31 |
چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت، بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات. | 32 |
بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.» | 33 |