یەزدان بە موسای فەرموو: | 1 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. | 2 |
لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات. | 3 |
هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش. | 4 |
«”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە. | 5 |
«”هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە، | 6 |
بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە. | 7 |
هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت. | 8 |
«”ئەگەر یەکێکیش کتوپڕ لەلای مرد و قژە تەرخانکراوەکەی گڵاوکرد، ئەوا لە ڕۆژی پاکبوونەوەکەی سەری دەتاشێت، لە ڕۆژی حەوتەم دەیتاشێت. | 9 |
لە ڕۆژی هەشتەمیش دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێتە لای کاهین بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. | 10 |
کاهینیش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن و کەفارەتی بۆ دەکات لەو گوناهەی بەهۆی ئەو مردووەوە کردوویەتی و لەو ڕۆژەدا سەری تەرخان دەکاتەوە. | 11 |
کاتێک ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان تەرخان کردەوە، ئەوا بەرخێکی نێری یەک ساڵە وەک قوربانی تاوان دەهێنێت، بەڵام ڕۆژەکانی پێشتری هەژمارد ناکرێت، چونکە خۆتەرخانکردنەکەی گڵاو کردووە. | 12 |
«”ئەمەش فێرکردنەکەیە دەربارەی ئەوەی خۆی تەرخان دەکات، ئەو ڕۆژەی ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی تەواو دەبێت دەهێنرێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. | 13 |
جا قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، بەرخێکی نێری یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن، بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی گوناه، بەرانێکی بێ کەموکوڕی بۆ قوربانی هاوبەشی، | 14 |
سەبەتەیەک نان بەبێ هەویرترش، کولێرە بە باشترین ئارد، زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان. | 15 |
«”جا کاهین لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، قوربانی گوناهەکە و قوربانی سووتاندنەکەی دەکات، | 16 |
کاهینەکە سەبەتە نانە فەتیرەکە و بەرانەکەش دەکاتە قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو. | 17 |
«”لەدوای ئەوە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن خۆتەرخانکەرەکە سەرە تەرخانکراوەکەی دەتاشێت و مووی سەرە تەرخانکراوەکەی دەبات و دەیکاتە سەر ئەو ئاگرەی لەژێر قوربانییەکەی هاوبەشییە. | 18 |
«”پاش ئەوەی خۆتەرخانکەرەکە قژی خۆتەرخانکردنەکەی دەتاشێت، کاهینەکە شانی بەرانەکە بە کوڵاوی و کولێرەیەکی فەتیرە لە سەبەتەکە لەگەڵ ناسکە نانێکی فەتیرە دەبات و دەیانخاتە ناو دەستی خۆتەرخانکەرەکە. | 19 |
کاهینیش لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو بەشە بۆ کاهین پیرۆزکراوە لەگەڵ سنگی بەرزکراوە و ڕانەکەی کە پێشکەشکراوە، ئینجا ئەوەی خۆی تەرخان کردووە شەراب دەخواتەوە. | 20 |
«”ئەمە فێرکردنەکەیە دەربارەی خۆتەرخانکەر کە نەزر دەکات، قوربانییەکەی بۆ یەزدانە سەرباری خۆتەرخانکردنەکەی، بەگوێرەی ئەو نەزرەی کە کردی، ئاوا دەکات بەگوێرەی فێرکردنی خۆتەرخانکردنەکەی.“» | 21 |
یەزدان بە موسای فەرموو: | 22 |
«لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ:”بەم شێوەیە داوای بەرەکەت دەکەن بۆ نەوەی ئیسرائیل. پێیان دەڵێن: | 23 |
«”’با یەزدان بەرەکەتدارت بکات و بتپارێزێت. | 24 |
با ڕووی یەزدان بەسەرتدا بدرەوشێتەوە و لەگەڵت میهرەبان بێت. | 25 |
با یەزدان ئاوڕت لێ بداتەوە و ئاشتیت پێ ببەخشێت.‘“ | 26 |
«جا ناوم لەسەر نەوەی ئیسرائیل دادەنێن و منیش بەرەکەتداریان دەکەم.» | 27 |