یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: | 1 |
«سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، | 2 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن. | 3 |
«نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن. | 4 |
هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن. | 5 |
ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی. | 6 |
«لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت. | 7 |
قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. | 8 |
«قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن. | 9 |
لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک. | 10 |
«لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. | 11 |
«هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک. | 12 |
«خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن. | 13 |
هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی. | 14 |
«کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن. | 15 |
«ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.» | 16 |
هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: | 17 |
«خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن، | 18 |
بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن. | 19 |
بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.» | 20 |
یەزدان بە موسای فەرموو: | 21 |
«سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان. | 22 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی کە دێن بۆ ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن. | 23 |
«ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن، | 24 |
پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن. | 25 |
هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن. | 26 |
هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت، | 27 |
ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات. | 28 |
«نەوەی مەراری بەگوێرەی خێڵ و بنەماڵەکانیان تۆمار بکە. | 29 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار بکە، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەت هەتا خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بکەن. | 30 |
بەرپرسیاریێتی خزمەتەکەشیان لە چادری چاوپێکەوتن، بریتییە لە هەڵگرتنی چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی، کۆڵەکەکانی، بناغەکانی، | 31 |
کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا، بناغەکانی، سنگەکانی و گوریسەکانی لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغ و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت. بە ناویش هەر پیاوێک دیاری بکە بۆ ئەو شتەی پێویستە هەڵیبگرێت. | 32 |
ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی مەرارییە، هەموو خزمەتەکەیان لە چادری چاوپێکەوتن بە سەرپەرشتی ئیتامار کوڕی هارونی کاهینە.» | 33 |
جا موسا و هارون و ڕابەرەکانی کۆمەڵ نەوەی قەهاتییەکانیان تۆمار کرد، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، | 34 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن. | 35 |
جا تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان دوو هەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس بوون. | 36 |
ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی قەهاتییەکان، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن. | 37 |
تۆمارکراوەکانی نەوەی گێرشۆنیش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، | 38 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن، | 39 |
تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان دوو هەزار و شەش سەد و سی کەس بوون. | 40 |
ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی گێرشۆن، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان تۆماریان کردن. | 41 |
تۆمارکراوان لە خێڵەکانی نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان | 42 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتندا، | 43 |
تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان سێ هەزار و دوو سەد کەس بوون. | 44 |
ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی مەراری کە موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن. | 45 |
هەموو تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان کە موسا و هارون و سەرکردەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، | 46 |
لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ کاری خزمەت و کاری بارهەڵگرتن لە چادری چاوپێکەوتندا، | 47 |
تۆمارکراوان لێیان هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتا کەس بوون. | 48 |
بەپێی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا، هەرکەسێک بەگوێرەی خزمەتەکەی و بارهەڵگرتنەکەی تۆمارکرا. بەم شێوەیە موسا تۆماری کردن وەک چۆن یەزدان فەرمانی پێ کرد. | 49 |