ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا. | 1 |
کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمۆرییەکانی کرد، | 2 |
مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت. | 3 |
مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.» لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو. | 4 |
چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت: «وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. | 5 |
ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.» | 6 |
پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان. | 7 |
ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە. | 8 |
ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟» | 9 |
بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، | 10 |
”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، تاکو بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“» | 11 |
بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.» | 12 |
بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.» | 13 |
پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.» | 14 |
ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. | 15 |
ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت: «بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، | 16 |
چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.» | 17 |
بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. | 18 |
ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.» | 19 |
خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» | 20 |
بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. | 21 |
بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. | 22 |
کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە. | 23 |
ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، | 24 |
کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە. | 25 |
دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سووڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. | 26 |
کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، | 27 |
ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت کە سێ جار لێت دام؟» | 28 |
بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «لەبەر ئەوەی سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.» | 29 |
ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟» ئەویش گوتی: «نا.» | 30 |
ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد. | 31 |
فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. | 32 |
ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.» | 33 |
بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.» | 34 |
فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت. | 35 |
کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی. | 36 |
بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟» | 37 |
بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.» | 38 |
بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت، | 39 |
ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون. | 40 |
بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت بەعل و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی. | 41 |