ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا. | 1 |
ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و | 2 |
گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە! | 3 |
بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟ | 4 |
بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!» | 5 |
جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت. | 6 |
یەزدانیش بە موسای فەرموو: | 7 |
«گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.» | 8 |
موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد. | 9 |
موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟» | 10 |
موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە. | 11 |
بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.» | 12 |
ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان. | 13 |
ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد: «ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات. | 14 |
باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد، | 15 |
بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین. «ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت. | 16 |
تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێبپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.» | 17 |
بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «بە خاکەکەماندا ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.» | 18 |
نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان: «بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.» | 19 |
دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە: «تێناپەڕن.» ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو. | 20 |
ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا. | 21 |
هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر، | 22 |
یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو: | 23 |
«هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون. | 24 |
هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و | 25 |
جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.» | 26 |
موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن. | 27 |
ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد. ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە. | 28 |
کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان. | 29 |