ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە، چونکە گەمارۆ دراوین. بە گۆچان لە ڕوومەتی ڕابەری ئیسرائیل دەدەن. | 1 |
«بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی ئەفراتە، هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی یەهودا بچووکیت، بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە، لە ئەزەلەوەیە.» | 2 |
لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت، پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل. | 3 |
جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات بە هێزی یەزدان، بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی. جا بە ئاسوودەیی دەژین، چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی. | 4 |
ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە، کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان. حەوت شوانی لەسەر دادەنێین، لەگەڵ هەشت میر. | 5 |
بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو. بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات، کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان. | 6 |
پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت، وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە، وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا، ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت. | 7 |
پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان، لەنێو چەندین گەل، وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا، وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا، ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات، کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات. | 8 |
دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن. | 9 |
یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و گالیسکەکانت ڕیشەکێش دەکەم. | 10 |
شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم. | 11 |
ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت. | 12 |
بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت لەناوەڕاستت، ئیتر کڕنۆش نابەیت بۆ دەستکردی دەستەکانت. | 13 |
ستوونە ئەشێراکانت لەنێوتدا هەڵدەکێشم و شارەکانت وێران دەکەم. | 14 |
بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.» | 15 |