«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، | 1 |
چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە. | 2 |
«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ | 3 |
یان، چۆن بە براکەت دەڵێی:”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“لەکاتێکدا کاریتەیەک لەناو چاوی خۆتدایە؟ | 4 |
ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت. | 5 |
«شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن. | 6 |
«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، | 7 |
چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە. | 8 |
«کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ | 9 |
یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ | 10 |
جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! | 11 |
چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران. | 12 |
«لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. | 13 |
بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە. | 14 |
«ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. | 15 |
بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەکرێتەوە یان هەنجیر لە چقڵ؟ | 16 |
بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. | 17 |
داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. | 18 |
هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. | 19 |
کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. | 20 |
«نەک هەرکەسێک پێم بڵێت:”پەروەردگارم، پەروەردگارم!“دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام دەدات کە لە ئاسمانە. | 21 |
لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن:”پەروەردگارم، پەروەردگارم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟“ | 22 |
ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم:”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران!“ | 23 |
«لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت. | 24 |
باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو. | 25 |
هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت. | 26 |
باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخاندی، ڕووخاندنەکەشی گەورە بوو.» | 27 |
کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، | 28 |
چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات. | 29 |