پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. | 1 |
دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو. | 2 |
تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.» | 3 |
بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.]» | 4 |
ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و | 5 |
پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.]» | 6 |
عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.]» | 7 |
دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و | 8 |
پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.» | 9 |
ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.]» | 10 |
ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد. | 11 |
کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل. | 12 |
ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی، | 13 |
تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی: | 14 |
[ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی ناجولەکەکان، | 15 |
ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.] | 16 |
لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» | 17 |
کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. | 18 |
عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.» | 19 |
دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن. | 20 |
کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. | 21 |
دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن. | 22 |
ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە. | 23 |
لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە. | 24 |
جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن. | 25 |