دوای شەممە لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن. | 1 |
لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی یەزدان لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، چوو بەردەکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت. | 2 |
ڕوخساری وەک بروسکە وابوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون. | 3 |
پاسەوانەکان لە ترسی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێ هات. | 4 |
بەڵام فریشتەکە بە ژنەکانی گوت: «مەترسن، چونکە دەزانم بە شوێن عیسای لەخاچدراودا دەگەڕێن. | 5 |
ئەو لێرە نییە، هەروەک خۆی فەرمووی، هەستاوەتەوە. وەرن سەیری ئەو شوێنە بکەن کە لێی درێژکرابوو. | 6 |
خێرا بڕۆن و بە قوتابییەکانی بڵێن:”ئەو لەنێو مردوواندا هەستاوەتەوە، پێش ئێوە دەچێتە جەلیل، لەوێ دەیبینن.“ئەوەتا پێم گوتن.» | 7 |
دوو ژنەکە خێرا لەلای گۆڕەکە ڕۆیشتن، بە ترس و خۆشییەکی گەورەوە ڕایانکرد، بۆ ئەوەی هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی. | 8 |
ئەوە بوو عیسا تووشیان هات و فەرمووی: «سڵاو!» ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد. | 9 |
عیسا پێی فەرموون: «مەترسن، بڕۆن بە براکانم بڵێن با بچنە جەلیل، لەوێ دەمبینن.» | 10 |
کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە ناو شار و ئەوەی ڕوویدابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە. | 11 |
ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان و | 12 |
گوتیان: «بڵێن،”کاتێک ئێمە خەوتبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان.“ | 13 |
ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕازی دەکەین و لە کێشە و گرفت دەتانپارێزین.» | 14 |
ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، وایانکرد، ئیتر ئەم قسەیە هەتا ئەمڕۆش لەناو جولەکەدا بڵاو بووەتەوە. | 15 |
ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون. | 16 |
کاتێک ئەویان بینی کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد. | 17 |
عیسا لێیان نزیک بووەوە و قسەی بۆ کردن: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. | 18 |
کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، | 19 |
فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.» (aiōn g165) | 20 |