کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: | 1 |
«دەزانن جەژنی پەسخە دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.» | 2 |
ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، | 3 |
پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. | 4 |
گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.» | 5 |
کاتێک عیسا لە گوندی بێتعەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، | 6 |
ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو. | 7 |
کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟ | 8 |
دەکرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و پارەکەی بدرایە بە هەژاران.» | 9 |
عیسا بەمەی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە بێزار دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. | 10 |
هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. | 11 |
کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. | 12 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.» | 13 |
ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، | 14 |
گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ ژمارد. | 15 |
ئیتر لەو کاتەوە یەهوزا بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات. | 16 |
لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» | 17 |
فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن:”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» | 18 |
قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد. | 19 |
کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. | 20 |
کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» | 21 |
ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» | 22 |
وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. | 23 |
کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» | 24 |
ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.» | 25 |
کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.» | 26 |
ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، | 27 |
چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. | 28 |
پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.» | 29 |
ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. | 30 |
ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.﴾ | 31 |
بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» | 32 |
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.» | 33 |
عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەمشەو پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» | 34 |
پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت. | 35 |
دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن هەتا دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» | 36 |
پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. | 37 |
پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.» | 38 |
کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» | 39 |
ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک ئێشکم لەگەڵ بگرن؟ | 40 |
ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.» | 41 |
دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ پەیڕەو بکرێت.» | 42 |
کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. | 43 |
ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی کرد و هەمان شتی گوتەوە. | 44 |
دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. | 45 |
هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» | 46 |
هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. | 47 |
ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» | 48 |
دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. | 49 |
عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. | 50 |
لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. | 51 |
عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. | 52 |
ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ | 53 |
بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟» | 54 |
لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. | 55 |
بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. | 56 |
ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. | 57 |
پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت. | 58 |
کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن. | 59 |
بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، | 60 |
گوتیان: «ئا ئەمە گوتی:”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“» | 61 |
جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» | 62 |
بەڵام عیسا بێدەنگ بوو. سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای.» | 63 |
عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» | 64 |
ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. | 65 |
ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!» | 66 |
ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و | 67 |
گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» | 68 |
لەو کاتەدا پەترۆس لە دەرەوە، لە حەوشەکە دانیشتبوو. کارەکەرێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.» | 69 |
ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێیت.» | 70 |
ئینجا پەترۆس چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، کارەکەرێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.» | 71 |
دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!» | 72 |
دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، شێوەزارەکەت ئاشکرات دەکات.» | 73 |
جا دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەو پیاوە ناناسم!» دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. | 74 |
ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا. | 75 |