«لەو کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. | 1 |
پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. | 2 |
گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان لەگەڵ خۆیان نەبرد. | 3 |
بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. | 4 |
کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەو بردنییەوە و نوستن. | 5 |
«لە نیوەشەودا هاوار کرا:”ئەوەتا زاوا هات! بەرەوپیری بچن!“ | 6 |
«هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. | 7 |
گێلەکان بە داناکانیان گوت:”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“ | 8 |
«بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە:”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“ | 9 |
«لەکاتێکدا گێلەکان ڕۆیشتن بۆ زەیت کڕین، زاوا گەیشت، ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵی چوونە ژوورەوە بۆ زەماوەندەکە و دەرگا داخرا. | 10 |
«پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان:”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“ | 11 |
«وەڵامی دایەوە:”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“ | 12 |
«کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن. | 13 |
«هەروەها شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە کە پێش گەشتکردنی، کۆیلەکانی بانگ کرد و ماڵ و سامانەکەی خۆی دایە دەستیان. | 14 |
پێنج کیسە زێڕی دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی. ئینجا چووە گەشت. | 15 |
ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد. | 16 |
بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی قازانج کرد. | 17 |
بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی تێدا شاردەوە. | 18 |
«دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە گەڕایەوە و حیسابی لەگەڵ کردن. | 19 |
ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و پێنج کیسەی دیکەشی هێنا و پێی گوت:”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ | 20 |
«گەورەکەی پێی گوت:”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ | 21 |
«هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی:”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم قازانج کردووە.“ | 22 |
«گەورەکەی پێی گوت:”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“ | 23 |
«ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو، هات و گوتی:”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە نەتچاندووە و لە شوێنێکیش دروێنە دەکەیت کە تۆوت نەکردووە. | 24 |
جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“ | 25 |
«گەورەکەی وەڵامی دایەوە:”ئەی کۆیلەی بەدکار و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، | 26 |
دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە. | 27 |
«”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە، | 28 |
چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. | 29 |
کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.“ | 30 |
«کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆمەندی خۆیەوە دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، لەسەر تەختی شکۆمەندیی خۆی دادەنیشێت. | 31 |
هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک چۆن شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. | 32 |
جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ. | 33 |
«ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ:”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، | 34 |
چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. | 35 |
ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“ | 36 |
«ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە:”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ | 37 |
کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ | 38 |
کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“ | 39 |
«ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە:”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“ | 40 |
«دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ:”ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە! لێم دوور بکەونەوە و بەرەو ئاگری هەتاهەتایی بڕۆن، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، (aiōnios g166) | 41 |
چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، | 42 |
نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“ | 43 |
«ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە:”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینوێتی یان نامۆیی یان ڕووتی یان نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“ | 44 |
«ئەویش وەڵامیان دەداتەوە:”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“ | 45 |
«ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.» (aiōnios g166) | 46 |