عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. | 1 |
عیسا پێی فەرموون: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.» | 2 |
کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟» (aiōn g165) | 3 |
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، | 4 |
چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن”من مەسیحەکەم،“زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. | 5 |
جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. | 6 |
نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. | 7 |
بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن. | 8 |
«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. | 9 |
ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. | 10 |
زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. | 11 |
لەبەر زۆربوونی خراپە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. | 12 |
بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. | 13 |
ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت. | 14 |
«لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە (با خوێنەر تێبگات)، | 15 |
ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن، | 16 |
ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. | 17 |
هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. | 18 |
لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر! | 19 |
نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، | 20 |
چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت. | 21 |
«ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە. | 22 |
ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن:”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“یان:”ئەوەتا لەوێیە!“باوەڕ مەکەن، | 23 |
چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوانیش چەواشە دەکەن. | 24 |
ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن. | 25 |
«لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن:”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“مەڕۆن، یان”ئەوەتا لە ژوورەوەیە!“باوەڕ مەکەن، | 26 |
چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. | 27 |
کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە. | 28 |
«دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، «[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات، ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.] | 29 |
«لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت. | 30 |
فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە، لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری، هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە. | 31 |
«پەند لە دار هەنجیر وەربگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. | 32 |
بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. | 33 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. | 34 |
ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. | 35 |
«سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. | 36 |
ڕۆژانی نوح چۆن بوو، کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. | 37 |
وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، | 38 |
کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. | 39 |
لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. | 40 |
دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. | 41 |
«لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە. | 42 |
بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. | 43 |
کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە. | 44 |
«کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارەکانی دیکەی تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ | 45 |
خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. | 46 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. | 47 |
بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە خراپە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ:”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ | 48 |
بەو هۆیەوە دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان دەخوات و دەخواتەوە. | 49 |
ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. | 50 |
ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. | 51 |