< مەتا 20 >

«شانشینی ئاسمان لە خاوەن ڕەزێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. 1
لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد. 2
«نزیکی کاتژمێر نۆ دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، 3
پێی گوتن:”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“ 4
ئەوانیش ڕۆیشتن. «ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. 5
نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین:”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“ 6
«وەڵامیان دایەوە:”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ئەویش پێی گوتن:”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن!“ 7
«کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت:”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەوە دەستپێبکە کە لە کۆتاییەوە هاتن بۆ ئەوانەی لە سەرەتاوە هاتن.“ 8
«جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 9
یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. 10
کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ڕەزەکەدا دەکرد و 11
دەیانگوت:”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە سەختی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“ 12
«وەڵامی یەکێکیانی دایەوە:”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ 13
هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. 14
ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت بەوەدا هەڵنایەت کە من کەسێکی دەستکراوەم؟“ 15
«بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.» 16
کاتێک عیسا بەرەو ئۆرشەلیم دەڕۆیشت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: 17
«ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و 18
بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست ناجولەکەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.» 19
ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای عیسا و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات. 20
ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.» 21
عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» 22
ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.» 23
کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانیان بیستەوە، لە دوو براکە تووڕە بوون. 24
بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن. 25
بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 26
ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 27
وەک چۆن کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.» 28
کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 29
ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.» 30
جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!» 31
عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟» 32
وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.» 33
عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن. 34

< مەتا 20 >