لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟» | 1 |
ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، | 2 |
فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە. | 3 |
بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە. | 4 |
ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. | 5 |
«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت. | 6 |
قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو شتانەی کە خەڵکی تووشی گوناه دەکەن، چونکە گوناهکردن هەر دەبێت هەبێت، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ کەوتنە نێو گوناه. | 7 |
ئەگەر دەستت یان پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. (aiōnios g166) | 8 |
ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. (Geenna g1067) | 9 |
«ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. [ | 10 |
کوڕی مرۆڤ هاتووە بۆ ئەوەی ونبووان ڕزگار بکات.] | 11 |
«ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ | 12 |
ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! | 13 |
بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت. | 14 |
«ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە. | 15 |
خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.﴾ | 16 |
ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ. | 17 |
«ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی ئێوە لەسەر زەوی دایبخەن، لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. | 18 |
«دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، باوکم کە لە ئاسمانە بۆتان جێبەجێ دەکات، | 19 |
چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.» | 20 |
ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟» | 21 |
عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار! | 22 |
«لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. | 23 |
کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ قەرزار بوو. | 24 |
کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە. | 25 |
«لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی:”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“ | 26 |
گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو. | 27 |
«ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی:”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“ | 28 |
«خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە:”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“ | 29 |
«بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە. | 30 |
کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە. | 31 |
«ئەوسا گەورەکە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و پێی گوت:”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە. | 32 |
ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، هەروەک چۆن من بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“ | 33 |
جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە. | 34 |
«باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.» | 35 |