هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. | 1 |
خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. | 2 |
بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. | 3 |
کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. | 4 |
هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. | 5 |
بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. | 6 |
هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. | 7 |
بەڵام هەندێکی دیکەیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. | 8 |
ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!» | 9 |
قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟» | 10 |
وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، | 11 |
چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. | 12 |
لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: «چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن، گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن. | 13 |
پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ: [ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن، | 14 |
چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.] | 15 |
بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. | 16 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست. | 17 |
«کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: | 18 |
هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. | 19 |
ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن. | 20 |
بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕەگیان نییە و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. | 21 |
ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. (aiōn g165) | 22 |
بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی.» | 23 |
نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. | 24 |
بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. | 25 |
کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت. | 26 |
«کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت:”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“ | 27 |
«ئەویش وەڵامی دانەوە:”دوژمن ئەمەی کردووە.“کۆیلەکانیش پێیان گوت:”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“» | 28 |
گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. | 29 |
هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“» | 30 |
نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، | 31 |
هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.» | 32 |
نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» | 33 |
عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، | 34 |
تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: [بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.] | 35 |
ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.» | 36 |
وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. | 37 |
کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، | 38 |
دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. (aiōn g165) | 39 |
«هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. (aiōn g165) | 40 |
کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و | 41 |
فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. | 42 |
ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! | 43 |
«شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. | 44 |
«هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. | 45 |
کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت. | 46 |
«هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. | 47 |
کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. | 48 |
کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و (aiōn g165) | 49 |
فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» | 50 |
عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.» | 51 |
جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.» | 52 |
کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت. | 53 |
هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان دەستی کرد بە فێرکردنیان، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ | 54 |
ئایا ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ | 55 |
ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» | 56 |
جا ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.» | 57 |
لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان. | 58 |