ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێت.» | 1 |
دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا. | 2 |
جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. | 3 |
ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ. | 4 |
پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» | 5 |
نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. | 6 |
هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!» | 7 |
کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی. | 8 |
کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. | 9 |
ئەوانیش بابەتەکەیان لەنێو خۆیاندا هێشتەوە و لەبارەی هەستانەوەی نێو مردووانەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد. | 10 |
جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن:”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟» | 11 |
عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. کەواتە بۆچی دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ | 12 |
بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.» | 13 |
کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی دیکە، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. | 14 |
کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد بەرەوپیری و سڵاویان لێکرد. | 15 |
عیسا لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟» | 16 |
یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. | 17 |
لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.» | 18 |
عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.» | 19 |
ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات. | 20 |
عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» گوتی: «لە منداڵییەوە. | 21 |
زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر یان ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.» | 22 |
عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.» | 23 |
یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!» | 24 |
عیسا کە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!» | 25 |
ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» | 26 |
بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا. | 27 |
عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟» | 28 |
پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.» | 29 |
لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت، | 30 |
چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» | 31 |
بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن. | 32 |
ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، عیسا لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟» | 33 |
بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە. | 34 |
عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.» | 35 |
ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: | 36 |
«ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.» | 37 |
یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.» | 38 |
عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، | 39 |
چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. | 40 |
ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت. | 41 |
«ئەوەی یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە تووشی گوناه بکات، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. | 42 |
ئەگەر دەستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخەوە، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. (Geenna g1067) | 43 |
لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە. | 44 |
ئەگەر پێت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بە پێیەکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی کە بە دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. (Geenna g1067) | 45 |
لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە. | 46 |
ئەگەر چاوت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. (Geenna g1067) | 47 |
«[لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.] | 48 |
هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت. | 49 |
«خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.» | 50 |