لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە. لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: | 1 |
«دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. | 2 |
ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.» | 3 |
قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟» | 4 |
لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت.» | 5 |
ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. | 6 |
چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی خودای کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. | 7 |
ئیتر خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. | 8 |
ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. دوای ئەوەی کە عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد، | 9 |
یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە. | 10 |
فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. | 11 |
عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» | 12 |
ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر. | 13 |
قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. | 14 |
عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.» | 15 |
لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.» | 16 |
عیسا کە بەمەی دەزانی، پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟ ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟ | 17 |
خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ | 18 |
کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.» | 19 |
«ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.» | 20 |
ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟» | 21 |
کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێتسەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. | 22 |
ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟» | 23 |
پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.» | 24 |
دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. | 25 |
ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.» | 26 |
عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟» | 27 |
وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.» | 28 |
لێی پرسین: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت.» | 29 |
جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن. | 30 |
ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە. | 31 |
عیسا قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد کە پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی. | 32 |
بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.» | 33 |
ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. | 34 |
ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. | 35 |
چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ | 36 |
یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟ | 37 |
ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی باوکیەوە لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە.» | 38 |