ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. | 1 |
کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، | 2 |
لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. | 3 |
زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. | 4 |
شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. | 5 |
کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. | 6 |
بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» | 7 |
چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!» | 8 |
ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.» | 9 |
زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە. | 10 |
لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، | 11 |
ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» | 12 |
ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان. | 13 |
بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. | 14 |
کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان. | 15 |
ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. | 16 |
ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات. | 17 |
کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. | 18 |
ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» | 19 |
جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون. | 20 |
دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. | 21 |
یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و | 22 |
زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» | 23 |
عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد. | 24 |
ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو. | 25 |
بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. | 26 |
باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، | 27 |
چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» | 28 |
دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی. | 29 |
یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟» | 30 |
قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟» | 31 |
بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. | 32 |
ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت. | 33 |
ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.» | 34 |
کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» | 35 |
عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.» | 36 |
نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. | 37 |
هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. | 38 |
چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» | 39 |
بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. | 40 |
دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت. | 41 |
کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. | 42 |
بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات. | 43 |