هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس. | 1 |
پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» | 2 |
کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد. | 3 |
پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.» | 4 |
بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو. | 5 |
لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. | 6 |
پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو. | 7 |
ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان. | 8 |
پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» | 9 |
چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو. | 10 |
بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات. | 11 |
پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن،”پاشای جولەکە“؟» | 12 |
هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!» | 13 |
پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» | 14 |
پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت. | 15 |
سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە. | 16 |
کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. | 17 |
دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» | 18 |
بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. | 19 |
کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە. | 20 |
ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. | 21 |
ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتە «شوێنی کاسەسەر». | 22 |
شەرابی تێکەڵ بە موڕیان پێدا، بەڵام نەیخواردەوە. | 23 |
لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت. | 24 |
کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو، | 25 |
ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە. | 26 |
دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. | 27 |
نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: [لە ڕیزی تاوانباران دانرا.] | 28 |
ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، | 29 |
خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.» | 30 |
بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! | 31 |
با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت. | 32 |
کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ. | 33 |
لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» کە بە واتای [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟] دێت. | 34 |
کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.» | 35 |
یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟» | 36 |
عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد. | 37 |
پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. | 38 |
ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!» | 39 |
چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. | 40 |
ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم. | 41 |
ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە، | 42 |
یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. | 43 |
پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. | 44 |
کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. | 45 |
ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. | 46 |
مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا. | 47 |