جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن، | 1 |
گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.» | 2 |
کاتێک عیسا لە گوندی بێتعەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند. | 3 |
بەڵام هەندێک تووڕە بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟ | 4 |
دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد. | 5 |
بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆچی بێزاری دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. | 6 |
هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. | 7 |
ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد. | 8 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.» | 9 |
یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات. | 10 |
کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات. | 11 |
لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، کە بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» | 12 |
ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون. | 13 |
لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن:”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ | 14 |
ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.» | 15 |
قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد. | 16 |
کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات. | 17 |
پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.» | 18 |
خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ ئەو کەسە من نیم؟» | 19 |
پێی فەرموون: «یەکێکە لەم دوازدەیە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە. | 20 |
کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» | 21 |
کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن، ئەمە جەستەی منە.» | 22 |
ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و هەموو لێیان خواردەوە. | 23 |
پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت. | 24 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.» | 25 |
ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. | 26 |
عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «[لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.] | 27 |
بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» | 28 |
پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.» | 29 |
عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» | 30 |
بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت. | 31 |
پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.» | 32 |
ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد. | 33 |
پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.» | 34 |
کەمێک دوورکەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. | 35 |
فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» | 36 |
گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟ | 37 |
ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.» | 38 |
دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە. | 39 |
کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. | 40 |
سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. | 41 |
هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» | 42 |
کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. | 43 |
ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.» | 44 |
هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد. | 45 |
ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان. | 46 |
بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. | 47 |
عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ | 48 |
ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.» | 49 |
ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. | 50 |
گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان، | 51 |
کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد. | 52 |
عیسایان بردە لای سەرۆکی کاهینان، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. | 53 |
پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە. | 54 |
کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت. | 55 |
کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە. | 56 |
هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان: | 57 |
«گوێمان لێی بوو دەیگوت:”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“» | 58 |
لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو. | 59 |
سەرۆکی کاهینانیش لەناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» | 60 |
بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟» | 61 |
عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» | 62 |
سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ | 63 |
خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. | 64 |
هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە. | 65 |
پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشەکە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆکی کاهینان هات. | 66 |
پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.» | 67 |
بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. ئینجا کەڵەشێر خوێندی. | 68 |
کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.» | 69 |
دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان گوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.» | 70 |
دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.» | 71 |
دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەکەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا. | 72 |