کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێتفاجی و بێتعەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، | 1 |
پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. | 2 |
ئەگەر یەکێک لێی پرسین:”بۆ ئەمە دەکەن؟“بڵێن:”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“» | 3 |
چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. | 4 |
هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» | 5 |
وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. | 6 |
جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. | 7 |
زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. | 8 |
ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «[هۆسانا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!]» | 9 |
«پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!» «هۆسانا بۆ خودا!» | 10 |
عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێتعەنیا. | 11 |
بۆ بەیانی کە بێتعەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. | 12 |
لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. | 13 |
ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو. (aiōn g165) | 14 |
هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. | 15 |
نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. | 16 |
فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان]؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!]» | 17 |
کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون. | 18 |
کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار. | 19 |
بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. | 20 |
پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!» | 21 |
عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. | 22 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. | 23 |
لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. | 24 |
کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. | 25 |
بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت. » | 26 |
دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا دەگەڕا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و | 27 |
لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟» | 28 |
عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: | 29 |
لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!» | 30 |
لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین،”لە ئاسمانەوە بوو،“دەڵێت،”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ | 31 |
ئەگەریش بڵێین،”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا. | 32 |
ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» | 33 |