لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. | 1 |
بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. | 2 |
چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. | 3 |
هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. | 4 |
ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ | 5 |
ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، | 6 |
فەرمووی:”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» | 7 |
ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد. | 8 |
کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. | 9 |
مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. | 10 |
قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. | 11 |
بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو. | 12 |
هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیم دوور بوو. | 13 |
لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. | 14 |
کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، | 15 |
بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا. | 16 |
پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. | 17 |
یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟» | 18 |
پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، | 19 |
چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. | 20 |
بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. | 21 |
کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و | 22 |
تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. | 23 |
هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.» | 24 |
ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! | 25 |
نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» | 26 |
ئەوسا دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران. | 27 |
کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. | 28 |
ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە. | 29 |
کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. | 30 |
ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. | 31 |
بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟» | 32 |
ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و | 33 |
دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» | 34 |
ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە. | 35 |
کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.» | 36 |
سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن. | 37 |
پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟ | 38 |
سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە.» | 39 |
کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان. | 40 |
لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» | 41 |
ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ. | 42 |
وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی. | 43 |
ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.» | 44 |
ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. | 45 |
پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، | 46 |
بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. | 47 |
ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. | 48 |
وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.» | 49 |
ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێتعەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. | 50 |
کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. | 51 |
ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. | 52 |
بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد. | 53 |