لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپڕاتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت. | 1 |
ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. | 2 |
ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی. | 3 |
یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێتلەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو، | 4 |
تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو. | 5 |
کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات. | 6 |
جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت. | 7 |
لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت. | 8 |
فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت. | 9 |
فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە. | 10 |
ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی خاوەن شکۆیە. | 11 |
ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.» | 12 |
لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت: | 13 |
«شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.» | 14 |
کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێتلەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.» | 15 |
خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە. | 16 |
کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو. | 17 |
هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن. | 18 |
بەڵام مریەم هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت و لێکی دەدایەوە. | 19 |
شوانەکان گەڕانەوە و خودایان شکۆدار کرد و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو. | 20 |
لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت. | 21 |
پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا، | 22 |
کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: [هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت.] | 23 |
بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: [دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر.] | 24 |
پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. | 25 |
بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. | 26 |
بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، | 27 |
شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد: | 28 |
«ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە. | 29 |
ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، | 30 |
ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە، | 31 |
هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.» | 32 |
دایک و باوکی سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. | 33 |
شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، | 34 |
هەتا نیازی دڵی زۆر کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.» | 35 |
پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو، | 36 |
پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵ. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ بە نوێژ و ڕۆژوو خودای دەپەرست. | 37 |
هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی ئۆرشەلیم بوون. | 38 |
کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل. | 39 |
منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی لەسەر بوو. | 40 |
دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. | 41 |
کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. | 42 |
دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە. | 43 |
لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان. | 44 |
کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن. | 45 |
دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. | 46 |
هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. | 47 |
کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.» | 48 |
وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟» | 49 |
بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون. | 50 |
ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو. مریەمی دایکی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە. | 51 |
عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو. | 52 |