عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن. | 1 |
فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت. | 2 |
لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت:”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“ | 3 |
«ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی:”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم، | 4 |
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“» | 5 |
مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت. | 6 |
باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟ | 7 |
پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟» | 8 |
بۆ ئەوانەی کە لە بێتاوانبوونی خۆیان دڵنیا بوون و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە: | 9 |
«دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر. | 10 |
فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد:”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم. | 11 |
هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“ | 12 |
«بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت:”ئەی خودایە بەزەییت بە منی گوناهباردا بێتەوە.“ | 13 |
«پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.» | 14 |
خەڵک منداڵی ساوایان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت. کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی سەرزەنشتیان کردن. | 15 |
بەڵام عیسا بانگی منداڵەکانی کرد و فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. | 16 |
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.» | 17 |
کابرایەکی دەسەڵاتدار پرسیاری لێکرد: «مامۆستای باش، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» (aiōnios g166) | 18 |
عیسا پێی فەرموو: «بۆچی بە باش ناوم دەبەیت؟ بێجگە لە خودا کەس باش نییە. | 19 |
ڕاسپاردەکان دەزانیت: [داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، ڕێزی دایک و باوکت بگرە.]» | 20 |
ئەویش گوتی: «لە منداڵییەوە هەموو ئەم ڕاسپاردانەم بەجێگەیاندووە.» | 21 |
عیساش گوێی لەمە بوو، پێی فەرموو: «هێشتا شتێکت کەمە. هەرچیت هەیە هەمووی بفرۆشە و بەسەر هەژاران دابەشی بکە، گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت. ئینجا وەرە دوام بکەوە.» | 22 |
کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. | 23 |
کاتێک عیسا ئەوی بە خەمناکی بینی، فەرمووی: «چوونە ناو شانشینی خودا بۆ دەوڵەمەند چەند زەحمەتە! | 24 |
ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.» | 25 |
ئەوانەی گوێیان لێبوو گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» | 26 |
عیسا فەرمووی: «ئەوەی لەلای خەڵکی مەحاڵە، لای خودا دەبێت.» | 27 |
پەترۆس گوتی: «ئەوەتا هەموو شتێکمان بەجێهێشتووە و دوات کەوتووین.» | 28 |
ئەویش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە ماڵ، ژن، برا، دایک، باوک یان منداڵی لەبەر شانشینی خودا بەجێهێشتبێت، | 29 |
لەم دنیایە چەند ئەوەندە لە بەرامبەری وەرنەگرێتەوە و لەو دنیاش ژیانی هەتاهەتایی.» (aiōn g165, aiōnios g166) | 30 |
عیسا دوازدە قوتابییەکەی برد و پێی فەرموون: «ئەوا بەرەو ئۆرشەلیم سەردەکەوین، هەرچی پێغەمبەران لەبارەی کوڕی مرۆڤەوە نووسیویانە دێتە دی. | 31 |
دەدرێتە دەستی ناجولەکەکان، گاڵتەی پێ دەکرێت و جنێوی پێدەدرێت و تفی لێ دەکرێت، | 32 |
بە قامچی لێی دەدەن و دەیکوژن. لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێتەوە.» | 33 |
بەڵام هیچ لەمە تێنەگەیشتن و ئەم باسە لێیان شاراوە بوو، ئەوەی گوترا درکیان پێی نەکرد. | 34 |
کاتێک عیسا لە ئەریحا نزیک بووەوە، کەسێکی نابینا لەسەر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی دەکرد. | 35 |
کە گوێی لە خەڵکەکە بوو دەڕۆیشتن، پرسیاری کرد ئەمە چییە. | 36 |
پێیان گوت: «عیسای ناسیرەیی لێرەوە تێدەپەڕێت.» | 37 |
جا هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» | 38 |
ئەوانەی لەپێشەوە دەڕۆیشتن سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زۆر زیاتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» | 39 |
عیسا ڕاوەستا و فەرمانی دا بیهێننە لای. کاتێک نزیک بووەوە، لێی پرسی: | 40 |
«چیت دەوێ بۆت بکەم؟» گوتی: «گەورەم، دەمەوێ ببینم.» | 41 |
عیساش پێی فەرموو: «ببینە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» | 42 |
دەستبەجێ بینی، دوای کەوت و ستایشی خودای دەکرد. هەروەها هەموو خەڵکەکەش کە بینییان ستایشی خودایان کرد. | 43 |