جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.» | 1 |
پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:”باوکە، با ناوت پیرۆز بێت، با پاشایەتییەکەت بێ، | 2 |
نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ. | 3 |
لە گوناهەکانمان خۆشبە، چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن. مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“» | 4 |
ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت:”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ، | 5 |
چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“ | 6 |
ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە:”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“ | 7 |
پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ. | 8 |
«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، | 9 |
چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە. | 10 |
«چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟ | 11 |
یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟ | 12 |
جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.» | 13 |
عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون. | 14 |
بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعلزەبولی شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» | 15 |
هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. | 16 |
ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت. | 17 |
ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن:”من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“ | 18 |
باشە ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن. | 19 |
بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان. | 20 |
«کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە. | 21 |
بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات. | 22 |
«ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. | 23 |
«کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت:”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ | 24 |
کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە. | 25 |
ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.» | 26 |
کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.» | 27 |
ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.» | 28 |
کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. | 29 |
هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. | 30 |
شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. | 31 |
خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. | 32 |
«کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. | 33 |
چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. | 34 |
کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. | 35 |
لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.» | 36 |
کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت. | 37 |
فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما. | 38 |
ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری. | 39 |
گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟ | 40 |
بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت. | 41 |
«بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن. | 42 |
«قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا. | 43 |
«قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.» | 44 |
تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.» | 45 |
عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن. | 46 |
«قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. | 47 |
کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. | 48 |
لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی:”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ | 49 |
تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، | 50 |
لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت. | 51 |
«قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.» | 52 |
کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن، | 53 |
چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن. | 54 |