هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 1 |
«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. | 2 |
لەناو چادری چاوپێکەوتن، لە دەرەوەی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز، هارون لە ئێوارەوە هەتا بەیانی بە بەردەوامی چرادانەکە لەبەردەم یەزدان ڕێک دەخات. فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان. | 3 |
چراکە لەسەر چرادانەکەی کە لە زێڕی بێگەردە پێویستە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان ڕێکبخرێت. | 4 |
«باشترین ئاردیش دەبەیت و دەیکەیتە دوازدە کولێرە، بۆ هەر کولێرەیەک دوو دەیەکی ئێفەیەک بەکاردەهێنیت، | 5 |
دەیانکەیت بە دوو ڕیز، هەر ڕیزە و شەش کولێرە، لەسەر مێزە زێڕینە بێگەردەکە لەبەردەم یەزدان. | 6 |
لەسەر هەر ڕیزێکیش بخووری سادەی بێگەرد دادەنێیت، جا لەگەڵ کولێرەکە دەبێتە یادەوەری قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان. | 7 |
ئەم کولێرەیەش بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێکی شەممە لەبەردەم یەزدان ڕێکدەخرێت، پەیمانێکی هەتاهەتاییە لە پێناو نەوەی ئیسرائیل. | 8 |
ئەمە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت و لە شوێنێکی پیرۆز دەیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، بەشێکی چەسپاوە.» | 9 |
کوڕێک کە دایکی ئیسرائیلی و باوکی میسری بوو چووە نێو نەوەی ئیسرائیل و لە ئۆردوگاکە لەگەڵ پیاوێکی ئیسرائیلی بووە شەڕیان. | 10 |
کوڕی ژنە ئیسرائیلییەکە کفر و نەفرەتی سەبارەت بە ناوی یەزدان کرد، هێنایانە لای موسا، دایکیشی ناوی شەلۆمیتی کچی دبری بوو، لە هۆزی دان. | 11 |
لە شوێنێکیان دانا لەژێر چاودێری پاسەوان، هەتا بڕیاری یەزدانیان پێ ڕابگەیەنرێت. | 12 |
جا یەزدان بە موسای فەرموو: | 13 |
«ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبە دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو دەستیان لەسەر سەری دادەنێن و هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن. | 14 |
لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ:”ئەوەی نەفرەت لە خودای خۆی بکات، ئەوا تاوانی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. | 15 |
ئەوەی کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، ئەوا دەکوژرێت، هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن، بیانی و هاوڵاتی وەک یەک، کاتێک کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، دەکوژرێت. | 16 |
«”ئەگەر کەسێک کەسێکی کوشت ئەوا دەکوژرێت. | 17 |
ئەوەی ئاژەڵی کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا قەرەبووی دەکاتەوە، گیان بە گیان. | 18 |
ئەگەر یەکێک شتێکی لە کەسێک کرد، چی کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە، | 19 |
شکان بە شکان و چاو بە چاو و ددان بە ددان، چی لەو کەسە کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە. | 20 |
ئەوەی ئاژەڵێک بکوژێت، قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی کەسێک بکوژێت دەکوژرێتەوە. | 21 |
یەک یاساتان دەبێت، بیانی وەک هاوڵاتی دەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“» | 22 |
جا موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبەنە دەرەوەی ئۆردوگاکە و بەردبارانی بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. | 23 |