هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 1 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن. | 2 |
«”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان. | 3 |
«”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن. | 4 |
لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات. | 5 |
لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. | 6 |
لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. | 7 |
حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“» | 8 |
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 9 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتانی دەدەم و دەغڵتان دورییەوە، ئەوا یەکەم مەڵۆی دروێنەتان بۆ کاهین بهێنن. | 10 |
ئەویش دەبێت مەڵۆیەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، ڕۆژی پاش شەممە کاهین دەبێت بەرزی بکاتەوە. | 11 |
لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی مەڵۆیەکە، بەرخێکی ساغی یەک ساڵە بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، | 12 |
پێشکەشکراوی دانەوێڵەشی دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بکە بە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک شەرابە. | 13 |
نان و قەرەخەرمان و گەنمی تازە مەخۆن، هەتا ئەو ڕۆژەی قوربانییەکەی خوداتان دەهێنن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانی ئێوە لە هەموو نشینگەکانتان. | 14 |
«”ئینجا لە ڕۆژی دوای شەممەوە، لەو ڕۆژەوەی کە مەڵۆیەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە دەهێنن، حەوت هەفتەی تەواو بژمێرن، | 15 |
هەتا ڕۆژی دوای شەممەی حەوتەم بژمێرن کە پەنجا ڕۆژە، ئینجا پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. | 16 |
لە نشینگەکانتانەوە دوو نانی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بهێنن، لە دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بێت و بە هەویرترشەوە کرابنە نان، یەکەمین بەرهەمە بۆ یەزدان. | 17 |
لەگەڵ نانەکان حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ و جوانەگایەک و دوو بەران بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. لەگەڵ پێشکەشکراوە دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. | 18 |
گیسکێکی نێرینەش بکەنە قوربانی گوناه و دوو بەرخی یەک ساڵەش بکەنە قوربانی هاوبەشی. | 19 |
جا کاهینەکە دەبێت دوو بەرخەکە لەگەڵ نانی یەکەمین بەرهەمەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە. ئەمانە پێشکەشکراوێکی پیرۆزن بۆ یەزدان، جا دەبێت بۆ کاهینەکە بن. | 20 |
لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بانگەواز بکەن و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە بۆتان، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە هەموو نشینگەکانتان لە نەوەکانتان. | 21 |
«”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆ بەجێی بهێڵە، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“» | 22 |
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 23 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:”یەکەم ڕۆژی مانگی حەوت دەبێت پشوو بێت بۆتان، یادی دەنگی کەڕەنایە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە. | 24 |
هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، بەڵام قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.“» | 25 |
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 26 |
«بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. | 27 |
لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان. | 28 |
هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دادەبڕدرێت، | 29 |
هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم. | 30 |
هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان. | 31 |
شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.» | 32 |
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 33 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان. | 34 |
لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، | 35 |
حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. | 36 |
«”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی. | 37 |
جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن. | 38 |
«”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە. | 39 |
لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن. | 40 |
حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن. | 41 |
حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن، | 42 |
بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“» | 43 |
جا موسا سەبارەت بە جەژنەکانی یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند. | 44 |