هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 1 |
«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”من یەزدانی پەروەردگارتانم. | 2 |
وەک نەریتی خاکی میسر مەکەن کە تێیدا نیشتەجێ بوون و وەک نەریتی خاکی کەنعان مەکەن کە ئێوە دەهێنم بۆی و نەریتەکانیان بەجێمەهێنن. | 3 |
پێویستە ملکەچی یاساکانی من بن و فەرزەکانم بەجێبهێنن بۆ ئەوەی پەیڕەویان بکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم. | 4 |
فەرز و یاساکانم پەیڕەو بکەن، چونکە ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت، من یەزدانم. | 5 |
«”هیچ کەسێک لە کەسوکاری خۆی نزیک نەبێتەوە، بۆ جووت بوون لەگەڵی، من یەزدانم. | 6 |
«”ناموسی باوکت مەبە و ناموسی دایکت مەبە، لەگەڵ دایکت جووت مەبە، چونکە دایکتە. | 7 |
«”لەگەڵ باوەژنت جووت مەبە، ئەوە ناموسی باوکتە. | 8 |
«”لەگەڵ خوشکت، کچی باوکت یان کچی دایکت جووت مەبە، ئەگەر لە ماڵتان لەدایک بووبێت یان لە دەرەوە. | 9 |
«”لەگەڵ کچی کوڕەکەت یان کچی کچەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی تۆیە. | 10 |
«”لەگەڵ کچی ژنی باوکت کە لە باوکتەوە بووە، جووت مەبە، چونکە خوشکتە. | 11 |
«”لەگەڵ خوشکی باوکت جووت مەبە، چونکە پوورتە. | 12 |
«”لەگەڵ خوشکی دایکت جووت مەبە، چونکە پوورتە. | 13 |
«”ناموسی مامت مەبە، لە ژنەکەی نزیک مەکەوە و لەگەڵی جووت مەبە، چونکە مامۆژنتە. | 14 |
«”لەگەڵ بووکەکەت جووت مەبە، ژنی کوڕتە، لەگەڵی جووت مەبە. | 15 |
«”لەگەڵ براژنەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی براتە. | 16 |
«”لەگەڵ ژنێک و کچەکەی جووت مەبە، لەگەڵ کچی کوڕەکەی یان کچی کچەکەی جووت مەبە، ئەوان نزیکی ژنەکەن و ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە. | 17 |
«”هیچ ژنێکیش بەسەر خوشکەکەی مەخوازە هەتا ببێت بە هەوێی، هەتا لەگەڵی جووت بیت، کاتێک ژنەکەت لە ژیاندایە. | 18 |
«”لە هیچ ژنێکیش نزیک مەکەوە لە ماوەی گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بیت. | 19 |
«”لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکە جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت. | 20 |
«”منداڵەکانت وەک قوربانی مەسووتێنە بۆ’مۆلەخ‘، نەوەک ناوی خودای خۆت بزڕێنیت، من یەزدانم. | 21 |
«”لەگەڵ نێرێک جووت مەبە وەک جووتبوونت لەگەڵ ژن، ئەوە قێزەونە. | 22 |
«”لەگەڵ هیچ ئاژەڵێکیش جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت، هیچ ئافرەتێک لەبەردەم ئاژەڵ ئامادە نەبێت بۆ جووتبوون، ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە. | 23 |
«”بە هیچ یەکێک لەو ڕەفتارانە خۆتان گڵاو مەکەن، چونکە ئەو نەتەوانەی وا من ڕاویان دەنێم لەبەردەمتان بە هەموو ئەمانە گڵاو بوون. | 24 |
تەنانەت خاکەکە گڵاو بوو، منیش سزای تاوانەکەی دەدەم و خاکەکەش دانیشتووانەکەی دەڕشێنێتەوە. | 25 |
بەڵام ئێوە فەرزەکان بەجێدەهێنن و یاساکانم پەیڕەو دەکەن. هیچ کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتاندایە. | 26 |
پێش ئێوە خەڵکی خاکەکە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، هەر بۆیە خاکەکە گڵاو بوو. | 27 |
ئەگەر خاکەکە گڵاو بکەن، ئەوا ئێوەش دەڕشێنێتەوە، وەک چۆن ئەو نەتەوانەی پێش ئێوەی ڕشاندەوە. | 28 |
«”بەڵکو هەرکەسێک کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ئەنجام بدات، ئەو کەسەی ئەوە دەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە. | 29 |
جا فەرزەکانم بەجێبهێنن هەتا هیچ لەو نەریتە قێزەونانە نەکەن و پێی گڵاو نەبن کە پێش ئێوە کراون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“» | 30 |