هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: | 1 |
«ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین، | 2 |
کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست، | 3 |
کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا. | 4 |
ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت. | 5 |
بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە. | 6 |
حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات. | 7 |
«جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت. | 8 |
لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە. | 9 |
«ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک زەیت. | 10 |
جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت. | 11 |
«ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە. | 12 |
بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە. | 13 |
ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. | 14 |
پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی، | 15 |
ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت. | 16 |
ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان. | 17 |
ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات. | 18 |
«ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت. | 19 |
دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە. | 20 |
«بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت، | 21 |
هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. | 22 |
«لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان. | 23 |
جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە. | 24 |
ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. | 25 |
ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات، | 26 |
کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. | 27 |
هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان. | 28 |
ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان. | 29 |
ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی، | 30 |
یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.» | 31 |
ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی. | 32 |
هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: | 33 |
«لەو کاتەی کە دەچنە خاکی کەنعان، کە من دەتاندەمێ وەک موڵکی خۆتان، وام کرد ماڵێک لەو خاکە تووشی کەڕوو بێت، | 34 |
ئەوەی خاوەنی ماڵەکەیە دەچێت و بە کاهینەکە دەڵێت:”وابزانم کەڕوو لە ماڵەکەی داوم.“ | 35 |
کاهینەکەش فەرمان دەدات ماڵەکە چۆڵ بکرێت، پێش چوونە ژوورەوەی کاهینەکە بۆ پشکنینی لێدانەکە، نەوەک هەموو شتەکانی ماڵەکە گڵاو بێت، پاش ئەوە کاهینەکە بۆ پشکنینی ماڵەکە دەچێتە ژوورەوە. | 36 |
جا ئەگەر پشکنی لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکەیە و هەڵکراوێکی سەوزباو یان سوورباوە، لە دیوارەکەش قووڵترە، | 37 |
ئەوا کاهینەکە لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بۆ حەوت ڕۆژ ماڵەکە دادەخات. | 38 |
ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم گەڕایەوە و پشکنی وا لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکە بڵاوبووەتەوە، | 39 |
کاهینەکە فەرمان دەدات، ئەو بەردانە دەربهێنن کە لێدانەکەی تێدایە و فڕێیانبدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. | 40 |
ماڵەکەش لە هەر چواردەوری دیوی ژوورەوە دەڕنن، ئەو خۆڵەش کە دەیڕننەوە، فڕێیدەدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. | 41 |
بەردی دیکە دەهێنن و لە شوێنی بەردەکان دایاندەنێن و خۆڵی دیکە دێنن و ماڵەکەی پێ سواخ دەدەنەوە. | 42 |
«جا ئەگەر لێدانەکە گەڕایەوە و لە ماڵەکە بڵاو بووەوە، لەدوای دەرهێنانی بەردەکان و ڕنینی ماڵەکە و سواخدانەوەی، | 43 |
کاهینەکە هات و پشکنی وا لێدانەکە لە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوا کەڕووێکی گەندەڵە لە ماڵەکە، ئەوە گڵاوە. | 44 |
جا ماڵەکە تێکدەدات، بەرد و دارەکانی و هەموو خۆڵی ماڵەکە دەباتە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ شوێنێکی گڵاو. | 45 |
«ئەوەی لە هەموو ڕۆژانی داخستنی ماڵەکە بچێتە ناوی، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، | 46 |
ئەوەی لە ماڵەکە خەوتبێت، ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات و ئەوەی لە ماڵەکە نانی خواردبێت ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات. | 47 |
«بەڵام ئەگەر کاهینەکە هات و پشکنی لێدانەکە لە ماڵەکە بڵاو نەبووەتەوە دوای سواخدانەوەکەی، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت ماڵەکە پاکە، چونکە لێدانەکە نەماوە. | 48 |
بۆ پاکبوونەوەی ماڵەکە دوو چۆلەکە لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات. | 49 |
یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین سەر دەبڕێت، لەسەر ئاوێکی سازگار. | 50 |
ئینجا پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و چۆلەکە زیندووەکە دەبات و دەیخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکە و ئاوە سازگارەکە، حەوت جار بەسەر ماڵەکەدا دەیپرژێنێت. | 51 |
بەم شێوەیە بە خوێنی چۆلەکەکە، ئاوە سازگارەکە، چۆلەکە زیندووەکە، پارچە دارە ئورزەکە، زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە ماڵەکە پاک دەکاتەوە. | 52 |
ئینجا چۆلەکە زیندووەکە بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵای دەکات و کەفارەت بۆ ماڵەکە دەکات، ئیتر پاک دەبێتەوە.» | 53 |
ئەوە ڕێنماییە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی پێست و کەچەڵی، | 54 |
کەڕووی جلوبەرگ و ماڵ، | 55 |
ئاوسان و لیر و لەکەی بریقەدار، | 56 |
بۆ یەکلاییکردنەوەی شتێک کە پاک بێت یان گڵاو. ئەوە ڕێنماییە بۆ نەخۆشی گواستراوەی پێست و کەڕوو. | 57 |