چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات، زێڕی بێگەرد گۆڕا! بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. | 1 |
چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن، ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران، ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران، دەستکردی دەستی گۆزەکەر! | 2 |
تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن، بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی. | 3 |
لەبەر تینووێتی شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا. منداڵەکان داوای نان دەکەن، بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت. | 4 |
ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد لە شەقامەکاندا وێران بوون، ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە. | 5 |
سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو لە سزای گوناهەکەی سەدۆم، ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت. | 6 |
میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون، لە شیر سپیتر بوون، جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو، وەک یاقووتی شین بوون. | 7 |
بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە، لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە. پێستیان بە ئێسکیانەوە نووسا وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕا. | 8 |
ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون لەوانەی بە قاتوقڕی مردن. ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت، چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو. | 9 |
دایکە میهرەبانەکان بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا، بوونە خۆراکیان کاتێک گەلەکەم لەناوچوو. | 10 |
یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت، هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت. ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد بناغەکانی سووتاند. | 11 |
پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان باوەڕیان نەکرد کە دوژمن و ناحەز دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە. | 12 |
بەڵام ڕوویدا، لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و تاوانی کاهینەکانی، ئەوانەی لەناوەڕاستیدا خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت. | 13 |
بە شەقامەکاندا وێڵ بوون وەک کوێر. خۆیان بە خوێن گڵاوکرد، کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات. | 14 |
خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە! دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!» کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون، لەناو گەلاندا گوتیان، «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.» | 15 |
یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن، ئیتر چاودێرییان ناکات. خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت، لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون. | 16 |
سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی، لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات. | 17 |
تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین. کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە، چونکە کۆتاییمان هات. | 18 |
ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون لە هەڵۆکانی ئاسمان، بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن، لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە. | 19 |
پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە، لە بۆسەکانیان گیرا، ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا لەنێو گەلان دەژین. | 20 |
ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە، ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ. بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت، سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە. | 21 |
ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت، ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە. بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات، گوناهەکەت ئاشکرا دەکات. | 22 |