ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت: | 1 |
«بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن:”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.» | 2 |
ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.» | 3 |
ئینجا حەفتا شاقل زیویان پێیدا لە پەرستگای بەعلبەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن. | 4 |
ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە. | 5 |
ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێتمیلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا. | 6 |
ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت. | 7 |
جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت:”پاشایەتیمان بکە.“ | 8 |
«دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە:”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ | 9 |
«ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت:”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“ | 10 |
«دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە:”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ | 11 |
«ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت:”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“ | 12 |
«دار مێویش وەڵامی دانەوە:”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ | 13 |
«ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت:”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“ | 14 |
«دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت:”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“ | 15 |
«ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟ | 16 |
باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن. | 17 |
ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە! | 18 |
جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت. | 19 |
بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێتمیلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێتمیلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!» | 20 |
ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا. | 21 |
ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد. | 22 |
ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد. | 23 |
خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی. | 24 |
جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ. | 25 |
ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد. | 26 |
چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد. | 27 |
ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن. | 28 |
خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت:”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“» | 29 |
کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و | 30 |
بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد و گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن. | 31 |
ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن. | 32 |
بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.» | 33 |
ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم. | 34 |
گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە. | 35 |
کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!» زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.» | 36 |
بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.» | 37 |
زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت:”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!» | 38 |
گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا. | 39 |
ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن. | 40 |
ئینجا ئەبیمەلەخ لە شاری ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین. | 41 |
ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ. | 42 |
ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان. | 43 |
ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان. | 44 |
ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی. | 45 |
ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت. | 46 |
ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە. | 47 |
ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!» | 48 |
خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون. | 49 |
ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی. | 50 |
لەناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە. | 51 |
ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت. | 52 |
ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد. | 53 |
ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن:”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد. | 54 |
کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی. | 55 |
ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت. | 56 |
هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات. | 57 |