لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. | 1 |
ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. | 2 |
هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. | 3 |
وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، | 4 |
ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە. | 5 |
مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. | 6 |
ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. | 7 |
ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. | 8 |
ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان. | 9 |
ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. | 10 |
ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. | 11 |
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، | 12 |
ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون. | 13 |
وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت و ڕاستی. | 14 |
یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» | 15 |
لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، | 16 |
چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. | 17 |
هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست. | 18 |
ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین و لێڤییان ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» | 19 |
ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە نیم.» | 20 |
ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.» «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر.» | 21 |
لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» | 22 |
یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «[من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“]» | 23 |
ئەوانەی لەلایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، | 24 |
لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟» | 25 |
یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، | 26 |
ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.» | 27 |
ئەمانە لە بێتعەنیا ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. | 28 |
بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! | 29 |
ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من بووە. | 30 |
منیش نەمدەناسی، بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.» | 31 |
ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. | 32 |
من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم:”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت.“ | 33 |
خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.» | 34 |
بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو. | 35 |
کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!» | 36 |
کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو، دوای عیسا کەوتن. | 37 |
عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتە مامۆستا. | 38 |
پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو. | 39 |
ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. | 40 |
یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان دۆزییەوە.» واتە دەستنیشانکراو. | 41 |
ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتە پەترۆس. | 42 |
بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» | 43 |
فیلیپۆس خەڵکی بێتسەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. | 44 |
فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.» | 45 |
ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.» | 46 |
عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن، کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!» | 47 |
ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.» | 48 |
ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!» | 49 |
عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» | 50 |
ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن.» | 51 |