دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. | 1 |
کاتێک جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بووەوە، | 2 |
براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، | 3 |
هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» | 4 |
براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد. | 5 |
عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. | 6 |
جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. | 7 |
ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» | 8 |
ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە. | 9 |
بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی. | 10 |
ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟» | 11 |
لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» | 12 |
بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد. | 13 |
کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. | 14 |
جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟» | 15 |
عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. | 16 |
ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. | 17 |
ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. | 18 |
ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟» | 19 |
خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟» | 20 |
عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون. | 21 |
لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە. | 22 |
ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ | 23 |
بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.» | 24 |
لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ | 25 |
ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟ | 26 |
بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیح دێت، کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.» | 27 |
پاشان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا بەردەوام بوو لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، | 28 |
بەڵام من دەیناسم، چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.» | 29 |
لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. | 30 |
زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟» | 31 |
کاتێک فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی عیساوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن. | 32 |
عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. | 33 |
بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.» | 34 |
ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! | 35 |
ئەم قسەیە چییە دەیکات:”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“و”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟» | 36 |
لە گەورەترین و کۆتا ڕۆژی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. | 37 |
ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات.» | 38 |
لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو. | 39 |
هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.» | 40 |
هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ | 41 |
ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت کە مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێتلەحمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داودی لێبوو؟» | 42 |
بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. | 43 |
هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد. | 44 |
ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟» | 45 |
خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!» | 46 |
فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ | 47 |
باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ | 48 |
نەخێر! تەنها ئەم خەڵکە نەفرەتلێکراوە نەبێت کە لە تەورات نازانێت.» | 49 |
نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: | 50 |
«ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟» | 51 |
وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ لێی بکۆڵەوە و بیزانە کە لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.» | 52 |
ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی. | 53 |