فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە، | 1 |
هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی. | 2 |
کاتێک عیسا ئەمەی زانی یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل. | 3 |
جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت. | 4 |
ئیتر گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. | 5 |
بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا لەبەر ئەوەی کە عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە بوو. | 6 |
کاتێک ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» | 7 |
لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن. | 8 |
جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن. | 9 |
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت”ئاوم بدەرێ،“ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.» | 10 |
ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێ نییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ | 11 |
خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟» | 12 |
عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. | 13 |
بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.» (aiōn g165, aiōnios g166) | 14 |
ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» | 15 |
عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.» | 16 |
ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. | 17 |
لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.» | 18 |
ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. | 19 |
باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.» | 20 |
عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. | 21 |
ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. | 22 |
بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. | 23 |
خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.» | 24 |
ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» | 25 |
عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.» | 26 |
لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» | 27 |
ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: | 28 |
«وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» | 29 |
ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. | 30 |
لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!» | 31 |
بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.» | 32 |
لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» | 33 |
عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. | 34 |
ئەی ئێوە ناڵێن:”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. | 35 |
سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. (aiōnios g166) | 36 |
لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت:”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ | 37 |
من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» | 38 |
زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» | 39 |
لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. | 40 |
ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. | 41 |
بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!» | 42 |
پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل، | 43 |
چونکە خۆی فەرمووبووی کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. | 44 |
لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە ئۆرشەلیم کردبووی. | 45 |
عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. | 46 |
کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. | 47 |
ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.» | 48 |
کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.» | 49 |
عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. | 50 |
کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە. | 51 |
جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.» | 52 |
باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. | 53 |
ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە جەلیل. | 54 |