لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. | 1 |
عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکرابوون. | 2 |
کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!» | 3 |
عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!» | 4 |
ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.» | 5 |
شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت. | 6 |
جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد. | 7 |
ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!» ئەوانیش بردیان. | 8 |
کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و | 9 |
پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!» | 10 |
ئەو پەرجووەی عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو کە بەهۆیەوە شکۆی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا. | 11 |
دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە. | 12 |
کە جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. | 13 |
لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. | 14 |
قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد، | 15 |
ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!» | 16 |
جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: [دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.] | 17 |
جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟» | 18 |
عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.» | 19 |
ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» | 20 |
بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. | 21 |
لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی. | 22 |
کاتێک عیسا لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینی کە دەیکرد. | 23 |
بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. | 24 |
ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە. | 25 |