«ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن. | 1 |
لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وا دەزانێت خزمەتی خودا دەکات. | 2 |
ئەمانەش دەکەن، چونکە نە باوکیان ناسیوە و نە من. | 3 |
بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم. | 4 |
«ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت:”بۆ کوێ دەچیت؟“ | 5 |
کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن. | 6 |
بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم. | 7 |
کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان: | 8 |
لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛ | 9 |
لەسەر ڕاستودروستی، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ | 10 |
لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە. | 11 |
«هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. | 12 |
بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات. | 13 |
ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت کە لە منەوە وەریدەگرێت. | 14 |
هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت. | 15 |
«پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.» | 16 |
هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ:”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“و”چونکە دەچمە لای باوک“؟» | 17 |
گوتیان: «ئەم”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!» | 18 |
عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، بۆیە پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم:”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟ | 19 |
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی. | 20 |
کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. | 21 |
ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. | 22 |
لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. | 23 |
هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان کامڵ و تەواو بێت. | 24 |
«ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. | 25 |
لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، | 26 |
چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم. | 27 |
لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.» | 28 |
قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت. | 29 |
ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویستت بەوە نییە کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.» | 30 |
عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ | 31 |
وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە. | 32 |
«ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.» | 33 |