شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێتعەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. | 1 |
لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. | 2 |
مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش. | 3 |
یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: | 4 |
«بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» | 5 |
ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا. | 6 |
عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، | 7 |
چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.» | 8 |
کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. | 9 |
ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، | 10 |
چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا. | 11 |
بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. | 12 |
لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا! [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!]» «پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!» | 13 |
عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە: | 14 |
[ئەی شاری سییۆن مەترسە، ئەوەتا پاشاکەت دێت بە سواری جاشی ماکەرێک.] | 15 |
سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە. | 16 |
هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. | 17 |
لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. | 18 |
فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن ئێوە هیچتان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!» | 19 |
هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن. | 20 |
ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێتسەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» | 21 |
فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت. | 22 |
عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. | 23 |
ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. | 24 |
ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. (aiōnios g166) | 25 |
ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.» | 26 |
«ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟”باوکە لەم کاتە ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم. | 27 |
ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!» جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» | 28 |
ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.» | 29 |
عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. | 30 |
ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. | 31 |
کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» | 32 |
ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت. | 33 |
خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟» (aiōn g165) | 34 |
عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. | 35 |
باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە. | 36 |
هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، | 37 |
تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی: [ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟] | 38 |
لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی: | 39 |
[چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.] | 40 |
ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد. | 41 |
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، | 42 |
چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست. | 43 |
ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، | 44 |
ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. | 45 |
من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە. | 46 |
«ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. | 47 |
ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. | 48 |
من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. | 49 |
دەزانم ڕاسپاردەی ئەو خەڵکی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەبات، هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم.» (aiōnios g166) | 50 |