ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: | 1 |
«ڕاستە، دەزانم کە وایە. جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟ | 2 |
ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات، ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە. | 3 |
خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە. کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟ | 4 |
هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات. | 5 |
زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە. | 6 |
فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە. | 7 |
خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە. | 8 |
دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن. | 9 |
کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن. | 10 |
کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم، کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم! | 11 |
ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟ کێ پێی دەڵێت:”ئەوە چی دەکەیت؟“ | 12 |
خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە، یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە. | 13 |
«ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟ | 14 |
ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم. | 15 |
ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە، باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات، | 16 |
بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات. | 17 |
ناهێڵێت هەناسە بدەم، بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات. | 18 |
ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە! ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟ | 19 |
ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات، ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم. | 20 |
«هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم، بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛ ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە. | 21 |
”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن، | 22 |
ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت، بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت. | 23 |
کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە، ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات، ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟ | 24 |
«ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات، گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم. | 25 |
وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی. | 26 |
ئەگەر بڵێم:”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“ | 27 |
لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم، چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت. | 28 |
من تاوانبار دەکرێم، ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟ | 29 |
ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە، | 30 |
لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت، تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە. | 31 |
«ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە. | 32 |
خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو، دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا، | 33 |
تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و ترسەکەی نەمتۆقێنێت. | 34 |
ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام، چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.» | 35 |