«بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە! گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم. | 1 |
ئەوەتا من دەمم کردەوە؛ قسەکانم لەسەر زمانی منن. | 2 |
قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛ زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم. | 3 |
ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم. | 4 |
ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم. | 5 |
لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم، لە قوڕ دروستکراوم. | 6 |
ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و زۆرکردنم لێت بارت گران بکات. | 7 |
«تۆ لەبەردەمم گوتت، من بە وردی گوێم لێت بوو، | 8 |
گوتت:”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون، بێگەردم و تاوانم نییە. | 9 |
لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و بە دوژمنی خۆی دامدەنێت. | 10 |
پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛ چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“ | 11 |
«بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت، چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە. | 12 |
بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت:”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“ | 13 |
بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت، کەس ڕامانی ئەوە ناکات. | 14 |
لە خەون، لە بینینی شەودا، کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا، | 15 |
ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت، | 16 |
تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت، | 17 |
هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات، ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر. | 18 |
«یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە، | 19 |
ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و نەوسیشی لە خواردنی خۆش. | 20 |
گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت، ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن. | 21 |
گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە، ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ. | 22 |
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت، پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت، | 23 |
لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت:”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛ کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە. | 24 |
با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛ با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“ | 25 |
ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت، بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن، ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە. | 26 |
دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن:”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد، بەڵام سزا نەدرام لەسەری. | 27 |
خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان، ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“ | 28 |
«خودا هەموو ئەمانە دەکات، دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ، | 29 |
بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە. | 30 |
«جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب! بێدەنگ بە من قسە دەکەم. | 31 |
ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە، قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆپاکت بکەم. | 32 |
ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛ بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.» | 33 |