ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: | 1 |
«بە گوێگرتن گوێ لە قسەکانم بگرن؛ با ئەمە ببێتە دڵنەواییتان. | 2 |
بەرگەم بگرن کە قسە دەکەم و پاش قسەکانم گاڵتە بکەن. | 3 |
«ئایا من سکاڵاکەم لە مرۆڤە؟ بۆچی ئارامیم لێ نەبڕێت؟ | 4 |
ڕووم لێ بکەن، واقتان وڕبمێنێت و دەست بخەنە سەر دەمتان. | 5 |
کاتێک بەبیرم دێتەوە دەتۆقم؛ موچڕکە بە لەشمدا دێت. | 6 |
بۆچی بەدکاران دەژین و پیر دەبن، هەروەها بە هێزەوە زاڵ دەبن؟ | 7 |
نەوەیان لەبەردەمیان لەگەڵیان ڕاوەستاوە، وەچەیان لەبەرچاویانە. | 8 |
ماڵەکانیان لە ترس دڵنیایە؛ کوتەکی خودا بەسەریانەوە نییە. | 9 |
گایەکەیان دەپەڕێت و هەڵە ناکات؛ مانگاکەیان ئاوس دەبێت و لە باری ناچێت. | 10 |
منداڵەکانیان وەک مەڕ بەڕەڵا دەکرێن؛ شیرەخۆرەکانیان سەما دەکەن. | 11 |
دەف و قیسارە بەدەستەوە دەگرن؛ بە دەنگی دووزەلە دڵخۆش دەبن. | 12 |
ڕۆژگاریان بە خێروخۆشی بەسەردەبەن و بە ئارامییەوە بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ دەبنەوە. (Sheol h7585) | 13 |
لەگەڵ ئەوەشدا بە خودا دەڵێن:”لێمان دوور بکەوە! دڵخۆش نابین بە ناسینی ڕێگاکانت. | 14 |
توانادارەکە کێیە هەتا خزمەتی بکەین؟ سوودی چی دەبینین کە لێی بپاڕێینەوە؟“ | 15 |
بەڵام خێروخۆشییان لە دەستی خۆیان نییە، با ڕاوێژی بەدکاران لێم دوور بێت. | 16 |
«چەند کەم چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و کارەساتیان بەسەردێت، یان خودا لە تووڕەیی خۆیدا ئازاری کردووە بە بەشیان؟ | 17 |
یان وەک کا بن لەبەردەم با و وەک ئەو سەرکۆزەرەی ڕەشەبا بردوویەتی؟ | 18 |
دەگوترێت:”خودا تاوانی بەدکاران بۆ کوڕەکانیان هەڵدەگرێت.“با سزای گیانی خۆیان بدات تاوەکو بزانن! | 19 |
با چاوەکانیان لەناوچوونەکەیان ببینن، لە جامی تووڕەیی خودای هەرە بەتوانا بخۆنەوە، | 20 |
چونکە لەدوای ئەوان، کە ژمارەی مانگەکانیان تەواو دەبێت، ئایا گوێ بە کەسوکاریان دەدەن؟ | 21 |
«ئایا خودا فێری زانین دەکرێت، ئەو کە دادوەری پایەدارەکان دەکات؟ | 22 |
کەسانێک هەن لەوپەڕی تەندروستیدا دەمرن، کاتێک بە تەواوی دڵنیا و ئارامن، | 23 |
لەشیان ساغن و مۆخی ناو ئێسکەکانیان هێشتا تەڕە. | 24 |
کەسانێکی دیکەش بە پەژارەوە دەمرن و تامی خێروخۆشییان نەکردووە. | 25 |
هەردووکیان پێکەوە لەناو گڵ ڕادەکشێن و کرم دایاندەپۆشێت. | 26 |
«بیرکردنەوەی ئێوە باش دەزانم و ئەو پیلانانەی بۆ ستەملێکردنم داتانناوە، | 27 |
چونکە دەڵێن:”کوا ماڵی گەورە پیاوەکە؟ کوا چادری نشینگەی خراپەکاران؟“ | 28 |
ئایا پرسیارتان لە ڕێبواران نەکردووە و سەرنجتان نەداوەتە هەواڵەکانیان؟ | 29 |
بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت، ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟ | 30 |
کێ بەرەو ڕوو لەسەر ڕەفتارەکەی سەرزەنشتی دەکات؟ کێ سزای دەدات لەسەر ئەوەی کردوویەتی؟ | 31 |
ئەو بەرەو گۆڕەکان دەبردرێت و لەسەر گۆڕستان شەوارە دەگرێت. | 32 |
قوڕی دۆڵەکە شیرینە بۆ ئەو؛ هەموو مرۆڤ بەدوایەوە دەڕۆن و لەپێشیشیەوە بەبێ ژمارە. | 33 |
«ئیتر چۆن بە قسەی پڕوپووچ دڵنەواییم دەدەنەوە؟ لە وەڵامەکانتان تەنها بێوەفایی دەبینم!» | 34 |