«چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە، گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم. | 1 |
وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛ من لە ئێوە کەمتر نیم. | 2 |
بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم، دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم. | 3 |
بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن، هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن. | 4 |
خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون! ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی. | 5 |
ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن. | 6 |
ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟ ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟ | 7 |
ئایا لایەنگری دەکەن، یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟ | 8 |
ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟ | 9 |
بێگومان سەرزەنشتتان دەکات ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن. | 10 |
ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟ | 11 |
یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ. | 12 |
«لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و ئەوەی بەسەرم دێت با بێت! | 13 |
بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم، ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟ | 14 |
ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم، لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم. | 15 |
هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە، کە خوانەناس نایەتە بەردەمی. | 16 |
بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت. | 17 |
ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو، دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم. | 18 |
کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات، تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟ | 19 |
«ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە، ئیتر لەبەردەمت ون نابم. | 20 |
دەستت لێم دووربخەوە و با سامی تۆ نەمترسێنێت. | 21 |
ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە، یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە. | 22 |
چەند تاوان و گوناهم هەیە؟ یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە. | 23 |
بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟ | 24 |
ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟ ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟ | 25 |
تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت. | 26 |
جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و شوێن پێیەکانم دەپشکنیت. | 27 |
«وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم، وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت. | 28 |