ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: | 1 |
«ڕاستە ئێوە گەلێکن، بە مردنتان داناییش دەمرێت، | 2 |
بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە، من لە ئێوە کەمتر نیم. ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟ | 3 |
«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە، بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم، هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی! | 4 |
کەسێکی دڵنیا گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات. | 5 |
چادری تێکدەران ئارامە و ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن، بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن. | 6 |
«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛ | 7 |
یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن. | 8 |
کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟ | 9 |
ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟ | 10 |
ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟ | 11 |
لە ڕیش سپیێتی دانایی و لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن. | 12 |
«دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە، ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون. | 13 |
ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە، ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە. | 14 |
ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت، بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات. | 15 |
هێز و دانایی لەلای ئەوە، چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون. | 16 |
ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات، دادوەران تووشی شێتی دەکات. | 17 |
کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە. | 18 |
کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و پتەوەکان سەرەوژێر دەکات. | 19 |
ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات، ژیری لە پیران دەستێنێتەوە. | 20 |
سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە. | 21 |
قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات. | 22 |
نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات، نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات. | 23 |
مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات. | 24 |
لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە، وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون. | 25 |