ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم. | 1 |
بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی. | 2 |
جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.» | 3 |
لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە. | 4 |
سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە. | 5 |
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو: | 6 |
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن:”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر. | 7 |
بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“ | 8 |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن:”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“لە کۆڵتان نابنەوە! | 9 |
تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.» | 10 |
دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە، | 11 |
یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت. | 12 |
بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!» | 13 |
یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان. | 14 |
پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە. | 15 |
یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە. | 16 |
ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟» یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.» | 17 |
ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟ | 18 |
ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان:”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟ | 19 |
ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.» | 20 |
سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە. | 21 |