کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل و هەموو سوپاکەی و هەموو شانشینەکانی ئەو خاکانەی لەژێر دەستی فەرمانڕەوایەتی ئەودا بوون و هەموو گەلان لە دژی ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی دەجەنگین، یەزدان پەیامی بۆ یەرمیا نارد، فەرمووی: | 1 |
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ قسە لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا بکە و پێی بڵێ:”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابلەوە و بە ئاگر دەیسووتێنێت. | 2 |
تۆش لە دەستی دەرباز نابیت، بەڵکو بەگرتن دەگیرێیت و دەدرێیتە دەستی ئەوەوە، چاوەکانت چاوەکانی پاشای بابل دەبینێت، ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵ دەکات. پاشان دەچیتە بابل. | 3 |
«”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت، | 4 |
بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە’گەورە ڕۆ!‘بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“» | 5 |
جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت، | 6 |
لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە. | 7 |
ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، دوای ئەوەی سدقیای پاشا پەیمانی لەگەڵ هەموو گەل بەست کە لە ئۆرشەلیم بوون بۆ ڕاگەیاندنی ئازادکردنی کۆیلە. | 8 |
هەرکەسە کۆیلە عیبرانییەکەی و کەنیزە عیبرانییەکەی خۆی ئازاد بکات، بۆ ئەوەی کەس ئەو برا و خوشکە جولەکەیەی نەکات بە کۆیلە. | 9 |
پیاوە گەورەکان و هەموو گەل هاتنە ناو پەیمانەکەوە و ڕازی بوون بەوەی هەرکەسە و دەبێت کۆیلە و کەنیزەکەی خۆی ئازاد بکات و ئیتر کەس نەیانکات بە کۆیلە، گوێڕایەڵ بوون و بەڕەڵایان کردن. | 10 |
بەڵام پاشان گەڕانەوە، ئەو کۆیلە و کەنیزانەی ئازادیان کردبوون جارێکی دیکە کردیاننەوە بە کۆیلە و کەنیزە. | 11 |
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: | 12 |
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم: | 13 |
”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد. | 14 |
ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست. | 15 |
بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان. | 16 |
«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من”ئازادی“بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم،”ئازادی“بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 17 |
ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین. | 18 |
پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین، | 19 |
دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. | 20 |
«سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە. | 21 |
من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 22 |