یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: | 1 |
«یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: | 2 |
”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ | 3 |
یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر | 4 |
لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا. | 5 |
«”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. | 6 |
یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. | 7 |
پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. | 8 |
جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“ | 9 |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن،’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، | 10 |
بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن: «”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن، چونکە یەزدان چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“ | 11 |
«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. | 12 |
لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.“ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.» | 13 |
یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم. | 14 |
«”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم، جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات. | 15 |
لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: یەزدان ڕاستودروستیمانە.“ | 16 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل. | 17 |
لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“» | 18 |
هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: | 19 |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن، | 20 |
ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم. | 21 |
هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“» | 22 |
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: | 23 |
«نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن:”ئەو دوو خێڵەی یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان. | 24 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست، | 25 |
ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“» | 26 |