ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، | 1 |
لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا و شاژنی دایکی و دەستوپێوەندەکانی و پیاوە گەورەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم، هەروەها پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ئۆرشەلیم. | 2 |
سدقیای پاشای یەهودا ئەلعاسای کوڕی شافان و گەمەریای کوڕی حیلقیای ناردە لای نەبوخودنەسری پاشای بابل. یەرمیاش نامەیەکی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی: | 3 |
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن: | 4 |
«خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن. | 5 |
ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن. | 6 |
کار بکەن بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.» | 7 |
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن. | 8 |
ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 9 |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە. | 10 |
خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 11 |
«جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. | 12 |
ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. | 13 |
کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 14 |
گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.» | 15 |
بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون، | 16 |
بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت. | 17 |
بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم. | 18 |
لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 19 |
لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. | 20 |
ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت. | 21 |
لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن:”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی،“ | 22 |
چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 23 |
بە شەمەعیای نەحەلامی بڵێ: | 24 |
«یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە ناوی خۆتەوە نامەت نارد بۆ هەموو ئەو گەلەی لە ئۆرشەلیمە و بۆ سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهین و بۆ هەموو کاهینەکان. بە سەفەنیات گوت: | 25 |
”یەزدان تۆی لە جێگای یەهۆیاداعی کاهین کردووە بە کاهین، بۆ ئەوەی ببیتە سەرپەرشتیار بەسەر ماڵی یەزدانەوە، هەر پیاوێکی شێت کە خۆی وەک پێغەمبەر بنوێنێ بیخەیتە ناو کۆت و بەندەوە. | 26 |
ئەی بۆچی سەرزەنشتی یەرمیای عەناتۆتی ناکەیت کە خۆی وەک پێغەمبەر دەنوێنێ؟ | 27 |
پەیامێکی بۆ بابل بۆ ناردووین و دەڵێت: مانەوەتان درێژە دەکێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و لە بەروبوومەکەی بخۆن.“» | 28 |
سەفەنیای کاهینیش ئەم نامەیەی بۆ یەرمیای پێغەمبەر خوێندەوە. | 29 |
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: | 30 |
«پەیامێک بۆ هەموو ڕاپێچکراوان بنێرە و بڵێ:”یەزدان لەبارەی شەمەعیای نەحەلامییەوە ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی شمەعیا پێشبینیی بۆ کردن، منیش نەمناردووە، وای لێکردوون پشت بە درۆ ببەستن، | 31 |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من سزای شەمەعیای نەحەلامی و وەچەکەی دەدەم. کەسی بۆ نامێنێتەوە لەناو ئەم گەلەدا دانیشێت، ئەو شتە باشانە نابینێت کە من بۆ گەلەکەی خۆمی دەکەم، چونکە جاڕی یاخیبوونی دا لە دژی من.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 32 |