یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» | 1 |
منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست. | 2 |
ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: | 3 |
«ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستووە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» | 4 |
منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە. | 5 |
دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» | 6 |
منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت. | 7 |
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: | 8 |
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. | 9 |
ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. | 10 |
وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 11 |
«جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە:”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“جا پێت دەڵێن:”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ | 12 |
تۆش پێیان دەڵێیت:”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. | 13 |
بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. | 14 |
گوێ بگرن و گوێ شل بکەن، لووتبەرز مەبن، چونکە یەزدان فەرموویەتی. | 15 |
شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان بەر لەوەی تاریکی دابێنێت، بەر لەوەی پەل بکوتن لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو. ئێوە خوازیاری ڕووناکین بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ، دەیکاتە ئەنگوستەچاو. | 16 |
بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن، بە نهێنی دەگریێم لەبەر لووتبەرزیتان، چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و فرمێسک دەڕێژێت، چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا. | 17 |
بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ: «لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە، چونکە تاجی شکۆمەندیتان لەسەرتان دێتە خوارەوە.» | 18 |
شارەکانی نەقەب دادەخرێن و کەس نییە بیانکاتەوە. هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ، سەراپای ڕاپێچ دەکرێن. | 19 |
چاوت هەڵبڕە و ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن! کوا ئەو مێگەلەی پێت درا، ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟ | 20 |
چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟ ئایا ژان ناتگرێت وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟ | 21 |
ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی، «بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟» لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا دەستدرێژییان کردە سەرت. | 22 |
ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت، یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟ ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن، کە لە خراپە ڕاهاتوون! | 23 |
«وەک پووش پەرتیان دەکەم کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.» | 24 |
یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە، ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە، لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست. | 25 |
منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە، ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر! | 26 |
داوێنپیسی و حیلاندنت، بێڕوویی لەشفرۆشیت! لەسەر گردەکان و کێڵگەکان قێزەونییەکانی تۆم بینی. ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت! هەتا کەی پاک نابیتەوە؟» | 27 |