وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. | 1 |
سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، | 2 |
زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. | 3 |
ئەوەتا ئەو کرێیەی کە نەتانداوە بەو کرێکارانەی کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. | 4 |
لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. | 5 |
بێتاوانەکەتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەی نەدەکرد. | 6 |
بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. تەماشا بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە بەهادارەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. | 7 |
ئێوەش ئارام بگرن و ورەتان بەرز بێت، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. | 8 |
خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە. | 9 |
خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. | 10 |
وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد، چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە. | 11 |
خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با قسەتان «بەڵێ» بۆ «بەڵێ» و «نەخێر» بۆ «نەخێر» بێت، نەوەک تاوانبار بکرێن. | 12 |
کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. | 13 |
کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن. | 14 |
ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. | 15 |
بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە. | 16 |
ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. | 17 |
نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. | 18 |
خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، | 19 |
با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت. | 20 |