ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین. | 1 |
ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، | 2 |
تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» | 3 |
ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟ | 4 |
خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە تاکو لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن، کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ | 5 |
بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ | 6 |
ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟ | 7 |
ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،] چاک دەکەن. | 8 |
بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن، | 9 |
چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە. | 10 |
ئەوەی فەرموویەتی: [داوێنپیسی مەکە،] هەروەها فەرمووشیەتی: [مەکوژە.] ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە. | 11 |
ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک ئەوەی بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن، | 12 |
چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت. | 13 |
خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ | 14 |
ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، | 15 |
یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟ | 16 |
بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە. | 17 |
لەوانەیە کەسێک بڵێ: «تۆ باوەڕت هەیە و من کردار.» نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە. | 18 |
تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن. | 19 |
ئەی مرۆڤی گێل، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟ | 20 |
ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا، کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟ | 21 |
دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو. | 22 |
نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ: [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،] هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا. | 23 |
دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ. | 24 |
بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش، ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو، کە پێشوازی لە سیخوڕەکان کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟ | 25 |
هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە. | 26 |